|
|
|
|
به بۆنه‌ی 2 ی ڕه‌شه‌مه، ڕۆژی زمانی دایک پێکه‌وه به هه‌ڵبژارده‌ی فه‌رمایشه‌کانی گه‌وره پیاوێک‌دا ده‌چێنه‌وه که هه‌موو ژیانی له پێناو گه‌شه پێدانی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی‌دا ته‌رخان کرد. هیوا ئه‌حمه‌دی " زۆر له‌مێژه گه‌لی کورد له خه‌ویش‌دا سه‌ربه‌ستی به خۆوه نه‌دیوه و ده‌رفه‌تی پێ نه‌دراوه دڕۆکی له قالبی خۆی ده‌ر بێنێ. بێگانه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووین، هه‌موو مایه‌ی ژیان و مان و ته‌نانه‌ت مێژوو و زمانیشیان به تاڵان بردووین. ناچاریان کردووین به زمانی ئه‌وان بخوێنین و ئه‌وه‌نده‌ی بۆیان لواوه به ناوی ئایینه‌وه ده‌نا به ناوی شه‌ق و زلله و دار و گولله‌وه زمانی زگماکی خۆمانیان له بیر بردووینه‌وه. کاریان به ڕاده‌یه‌ک گه‌یاندووه که ڕه‌گه‌زی خۆشــمان و زمانه‌که‌شمان وا له‌به‌ر چاوی سووک و چرووک ببێ. ئه‌گه‌ر ڕۆژێک له ڕۆژان هه‌لیشمان بۆ هه‌ڵکه‌وێ بێز له خۆمان و زمانمان بکه‌ینه‌وه و به‌تیتوش ئاوڕ له خۆمان نه‌ده‌ینه‌وه. به عاره‌بی و فارسی و تورکی خوێندوومانه و تێگه‌یشتووین که ئه‌و زمانه زمانی کۆڕه و شار و ناو به‌هه‌شته و له له ده‌شتی مه‌حشه‌ریشدا ئه‌گه‌ر نه‌یزانین لاڵ و پاڵین و ده‌س به تاڵین. ئه‌گه‌ر کاربه‌ده‌ستانی کوردستانیش غه‌یره عه‌ره‌ب بوون و به‌سه‌رمان ڕاگه‌یشتوون و تێ‌گه‌یشتوون که گه‌لیان ده‌بێ به زمانی خۆیان بخوێنن.گوێیان ڕاکێشاوین و به زمانی خۆیان ده‌رسیان داوین و له‌بیریشیان نه‌چووه خوێندنه کۆنه‌که‌مان به یادگار بۆ بێڵنه‌وه و ئه‌و ڕه‌قه‌ن و به‌رده‌ڵانه‌مان پێ بکێڵن و له‌ناو دوو به‌رداشدا بمان هاڕن و نه‌مان پڕژێ بیر له‌و بیره بکه‌ینه‌وه که تێی که‌وتووین و تێیدا نوقم بووین. هه‌تا وه‌کوو ا هات تۆپی زه‌وی به‌ره‌و ئێمه‌ش خزی و له سوچێکی ته‌نگه‌به‌ری ئه‌و کوردستانه هه‌راو و به‌رینه‌دا،توانیمان ڕێگای کوردی خوێندن بکه‌ینه‌وه و که‌م تا کورتێک ئاوڕێک له خۆمان و زمانه‌که‌مان بده‌ینه‌وه. لاوانی کوردی ده‌ست و دڵ‌گه‌رم و خوێنده‌وار، خوێنده‌وار به زمانی بێگانه که زمانه زگماکه‌که‌ی باب و باپێرانی خۆیان وا له‌به‌ر چاو که‌وتبوو، لایان وا بوو زمانی کوردی له زمانه مردۆکانه و هه‌ر به‌شی شوان و گاوان و ده‌شتییه‌کانه و رووی ' مه‌جلیسی یارانی نییه'. چڵکه هه‌ورێکی هاوینه وهومێدی بارانی لێ ناکرێ. ئه‌وه‌نده لاواز و داڵ‌گۆشته، ئه‌گه‌ر مارمێلکه‌شی به گه‌روو داکه‌ی نابووژێته‌وه و خۆی به سه‌ر کاخه‌زه‌وه ناگرێ... به‌ڵام هاتن چاکی مه‌ردایه‌تییان لێ به‌لادا کرد هه‌رچی زمانی بێگانه‌که‌یه ( دایانهێنا) و هه‌رچی زمانی شوان و گاوانه خۆماڵییه‌که‌ی خۆشمانه به گه‌سک و بێڵ ماشتیان و ناشتیان و سه‌ر له نوێ که‌وتنه کار و زۆر به کارامه‌یی زمانێکی سه‌ربه‌خۆی ئه‌وه‌نده سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان بۆ ئیجاد کردین که سه‌ری فیل و نه‌هه‌نگیشی تێیداگێژ ده‌بێ. کوردی‌یه و کوردیش نییه ! ته‌رجمه‌ی عه‌ره‌بییه و ته‌رجه‌مه‌ش نییه ! ئه‌دی چییه ؟ ( ڕه‌نگه ئه‌وه بێ ) ده‌ڵێن مه‌لایه‌ک له ده‌رسی ئه‌حمه‌دی‌دا به به منداڵێکی کوت : نه‌جل و وه‌له‌د چییه ؟ ڕۆڵه‌یه ! ... منداڵ پرسی: مامۆستا، چیڕۆڵه به چی ده‌ڵێن ؟ مامۆستاش لێی ئاڵۆزا و فه‌رمووی : کوڕم چیڕۆڵه شتێکی گرمووڵه‌ی جوان وحه‌نتیکه‌یه له باژێڕان ده‌ست ده‌که‌وێ ! له پێشدا ده‌مانزانی شکڵ چییه، هه‌قی شه‌رعی به چی ده‌ڵێن، ده‌شمانزانی نیاز له جامیعه‌ی عه‌ره‌بی و دیفاعی مه‌ده‌نی چییه... به‌ڵام شکڵ بکه‌ی به " ئێسک" و هه‌قی شه‌رعی" مافی پڕۆژه‌یی" بێ و جامیعه‌ی عه‌ڕه‌بی " مزگه‌وتی عاره‌بان " و دیفاعی مه‌ده‌نی کرابێ به" به‌ڕه‌وانی بۆزغی" تۆ دینتان له چیڕۆڵه‌ی مومۆستا سه‌یرتره یان نا ؟ جا ئه‌وه هێشتا باسی " حه‌یته" و " ڕاژه" " فڵقه کۆن " و لاکێشی ته‌ریبی " و چه‌ند شتی له‌وه سه‌یرترم بۆ نه‌کردوون... کوڕه وه‌ره بمکوژه ! کاخه‌زی کاغه‌ز ئاسایی بابه‌ڵباب و جه‌دد و ئابادی کورد بوون و به کوردی ژیاوه، که چی فڕێمان داوه و کردوومانه به " تیانووس " له‌سه‌ر قافیه‌ی ئۆقیانووس ! شاعیر ! شاعێری کڵۆڵ و نه‌گبه‌ت، نیوه‌ی خه‌ڵکی دنیا ده‌زانن ئه‌و ناوه بۆ چ ماڵ‌وێران و چاره‌ڕه‌شێک دانراوه، کورده‌که‌ش پێی ده‌کوت شایه‌ر ـ کرا به" هۆنه‌ر" گووتمان باشه، " بوێژ" یان بۆ دۆزییه‌وه پیرۆز بێ، کرا به " هه‌ستیار" ده‌نگمان نه‌کرد. وا دیسان ناو‌کی بڕاوه و بانگیان به گوێدا لێداوه ناویان ناوه " هه‌ڵبه‌ستێنه‌ر" ئه‌گه‌ر خودا نه‌یکوژێ به چه‌ند ساڵی دی وه‌ک وشتری عه‌ره‌ب، خاوه‌نی سه‌دو په‌نجا ناوی دیکه ده‌بێ. برا کورده‌کانی کوردی نووسی خۆشه‌ویتم، ده‌زانم ئێوه له دڵسۆزی خۆتانه‌وه ده‌روانن و دڵسۆزیتان هه‌ڵی ناون که ئه‌وه بکه‌ن. ئێستا که له به‌ندی زمانی به زۆر سه‌پاوی بێگانه رزگارتان بووه و ده‌تان هه‌وێ هه‌رچی زووه به یه‌کجاری کوڵ و کۆی دڵی خۆتان بڕێژن و ئه‌و ڕێگه دووره‌ی که مه‌ودای له هه‌زار ساڵ پتره به شه‌و و رۆژێک ببڕن! ئه‌گه‌ر شۆڕشگێڕان گووندێکی خۆیان ئازاد کرد و مه‌کته‌بێکی تێدا بوو، ناشێ بیروخێنن چوونکه ده‌ستکاری داگیرکه‌ره ! ده‌بێ بیکه‌ن به فێرگه بۆ منداڵانی ئازاد و به‌هره‌ی لێ وه‌رگرن.ئه‌و هه‌ڵه و هه‌ڵپه‌یه‌مان له داتاشینی بێ سه‌ر و به‌ره‌ی ووشه‌ی تازه بابه‌ت و ناڕێک و له شان گران و ڕێک نه‌که‌وتنی نووسه‌ران له‌سه‌ر ئه‌و ووشانه‌ی که هه‌رکه‌سه به شه‌و له ماڵه‌وه به تاریکی ڕێکی ده‌خا و به ڕۆژ ده‌یخاته بازاره‌وه، زیان به منداڵی کورد ده‌گه‌ێنێ وسه‌ریان لێ ده‌شێوێنێ. وه‌ک ئه‌وه وایه که مه‌دره‌سه‌ی پێشووی گونده‌که‌ی لێ برووخێنێ. با نه‌خوێنده‌وار و لادێی و ده‌شته‌کییه‌کانمان بکه‌ینه مامۆستای زمانی کوردی و به لامانه‌وه شه‌رم نه‌بێ که ئه‌وان له شارستانیی خوێنده‌وار باشتری ده‌زانن. ئه‌و ووشه‌ی ده‌مانه‌وێ له جێگای ووشه‌ی بێگانه بینووسین له‌وان بپرسین. ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش هه‌موویان نه‌بوو ئه‌وسا چه‌ند که‌سێک له زانایانی کوردی زانی به‌ڕاستی ، له ده‌وری یه‌ک کۆ ببنه‌وه و ناوی له‌بار و ڕێک بۆ ئه‌و ووشانه بدۆزنه‌وه که له کوردی‌یه خۆماڵیه‌که‌دا ده‌س ناکه‌وێ. نه‌ک واش بێ که کورد زووی فێر نه‌بێ... برا گیان ! وه‌ک براییکی بچووک هاوارتان لی ده‌که‌م و ده‌ست ده‌به‌ر پشتێنتان وه‌ر دێنم، به‌زه‌ییتان به منداڵه کورده‌کاندا بێته‌وه و تۆزێک له‌و گه‌رم و گوڕی و دڵ پڕییه دابه‌زن باشتره. چونکه من بڕوام وایه که ئه‌گه‌ر نووسینه کوردییه‌که‌مان به‌و ڕه‌وته بڕوا که ئێستا گرتوویه‌ته‌به‌ر، دارێکه به‌ر ناگرێ و سه‌ر له خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌وار ده‌شێوێنێ. به‌ڕاستی ئه‌و سه‌ربه‌ستییه له داتاشینی ووشه له زماندا ده‌گه‌ڵ خوێندنی سه‌د ساڵ له‌مه‌و به‌رمان نه‌ک هه‌ر جیاواز نیه ئه‌گه‌ر بوێرم ده‌ڵێم هێشتا خوزگه به ئه‌و. ئه‌گه‌ر ئه‌و بێ خوێ بێ ده‌کرێ که‌مێک خوێی تێکه‌ین و بوخرێ، به‌ڵام ئه‌مه‌ی ئێستامان زۆر سوێره و جه‌رگ ده‌بڕێ. ده‌سا ده‌خیلتان بم نه‌وا بێ خوێ و نه‌وا سوێر بێ که نه‌خورێ... له سه‌راسه‌ری دنیادا هیچ زمانێکی سه‌ر به خۆ که هیچ ووشه‌یه‌کی هه‌نده‌رانی تێدا نه‌بێ ده‌ست ناکه‌وێ. هیچ گه‌لێکیش به تێکه‌ڵاوی چه‌ند ووشه‌ی بێگانه له زمانه‌که‌یدا توشی هیچ زیانێک نه‌بووه و نابێ... با له زمان‌زانان بپرسین؛ داخوا زوانی گه‌لانی خودا پێداوی خاوه‌ن ته‌خت و به‌خت چۆنه ؟ پێمان ده‌ڵێن : ئیتالیایی، ئیسپانیایی،، ئه‌ڵمانی، ئینگلیسی ، فه‌رانسی و گه‌لێک له زمانی ئوروپایی‌تر چوونکه بنه‌چه لاتینین،به سه‌تان ووشه و ڕه‌سته‌یان وه‌ک یه‌ک ده‌چن و هیچ کامیشیان به ته‌نگه‌وه نین که ئه‌و ووشه هاوبه‌شانه وه‌سه‌ر یه‌کتر بکه‌نه‌وه... بژار و خاوێن کردنه‌وه‌ی زمان ئه‌گه‌ر لێی بزانین به له‌باری خه‌ریکی بین، کاریکی بێ به‌هره نییه . به‌ڵام ئه‌گه‌ر بژاری به‌هره‌دار زانا و پسپۆری گه‌ڕه‌که وهه‌ر که‌س ده‌ستی قه‌ڵه‌می گرت و کوێره سیوادێکی هه‌بوو،مل له ده‌ستکاری زمان و وێژه بنێ درووست نییه و له جیاتی کل ده‌چاو کێشان ، کوێری ده‌کا!! به‌ر له هه‌ر شت پێویسته ئه‌وه‌ی بزانین ؛ ئه‌و ووشانه‌ی که بۆره پیاو و نه‌خوێنده‌واری گه‌له‌که‌ت ده‌یانزانن و له‌به‌ریانه و که بۆیان ده‌ڵێی تێی ده‌گه‌ن، با ڕه‌سه‌نیان عاره‌بی نه‌بێ تورکی بێ، با فارسی نه‌بێ روسی بێ، ئه‌وه تازه بۆته کوردی و ماڵی حه‌ڵاڵی خۆمانن و خزمه‌تکاری زمانمانن و ئه‌رکیشیان له‌سه‌رمان نییه. کورد گوته‌نی : نۆکه‌ری بێ خه‌ڵات و به‌رات، تاجی سه‌ری ئاغایه. بۆ نموونه ئه‌و ووشانه‌ی وه‌کو دوکان ، قه‌ڵه‌م، خه‌ت و خاڵ و خه‌یاڵ، ماڵ، ئیش و کشمیش و سه‌ده‌قه ، خێر ، سندوق ، نه‌غد ، وه‌فا، دۆڵمه، یاپراغ، شێخ، زکات،ته‌سبیح، مێزه‌ر،خودبه، قه‌ساب ، به‌قاڵ و چه‌رچی و هه‌رچی وه‌وانه ده‌چی هه‌موو کوردێک ده‌زانێ چن وناشکرێ به هیچ شێوه‌یه‌ک له شوێن خۆیان بیانبزێوێن. به‌ڵام هیندێک ووشه‌ی وا هه‌ن که هیندێک میرزا و ئه‌فه‌ندی ساویلکه و هه‌نده‌ر دیتووی له کورد نه‌بان هه‌ر به هه‌وا و بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک وا بزانن ئه‌و بۆته پیاوێکی دیکه و له کوردی ڕه‌مه‌کی خزمی جوێ بۆته‌وه ، خستوویانه‌ته ناو کوردی‌که‌و نه‌ک هه‌ر چینی نه‌خوێنده‌وار ، خوێنده‌واریش به بێ قاموس تێ‌یان ناگا... دیاره ده‌بێ ئه‌وانه وه‌ده‌ر بخرێن و ووشه‌ی له‌سه‌ر زمان سوک و کوردی ڕه‌سه‌ن له شوێن ئه‌وان دابندری. به‌ڵام دیسان ئه‌و وه‌ده‌رنان و دانانه‌ش کاری هه‌ر ڕه‌شکه‌و پێشکه نووسێک نییه و هه‌رگز تاک و ته‌رای زاناش به بێ یاریده‌ری خه‌ڵکی دیکه ئه‌و ئه‌رکه‌ی پێ هه‌ڵناسوڕێ. مامۆستا هه‌ژار موکریانی / ڕۆژنامه‌ی کوردستان ـ ژماره 92 ـ ساڵی 1946 ی زایینی ڕێبه‌ندانی2709 ی کوردی سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بابه‌ته ماڵپه‌ری هه‌ڵوێسته |